زیانه‌كانی چی بوون؟

بوومەلەرزەیه‌كی به‌هێز پیرۆی هه‌ژاند

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پلە به‌ پێوانه‌ی رێخته‌ر، لە ناوەڕاستی پیرۆی  دا و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە زیانی ماددی کەم و پچڕانی کارەبایان لە ناوچە جۆراوجۆره‌كاندا راگەیاند، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

راپۆرتە میدیاییەکان بە پشتبەستن بە وەزارەتی بەرگریی پیرۆ ئاماژەیان بەوە کردووە، بوومەلەرزەکە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری جونین و بە قووڵایی 129 کیلۆمەتر روویداوە.

دامەزراوەی جیۆلۆجیی ئەمریکی (USGS) بوومەلەرزەکەی بە 6.7 پلە و قووڵییەکەی به‌ نزیکەی 108 کیلۆمەتر پێوانە کردووە.

وەزیری بەرگری پیرۆ رافایل بیلاوندێ رایگەیاند، راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە زیانێکی کەم ده‌كه‌ن، كه‌ بە چەند ماڵێک لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای جونین كه‌وتووه‌، هەروەها پچڕانی کارەبا له‌ چه‌ند شوێنێكی جیاواز روویداوه‌.

به‌ڵام دووپاتی کردەوە کە هیچ بریندار و کوژراوێک نەبووە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە سەدان کەس لە دانیشتوانی گەڕەکی میرافلۆریس لە شاری لیمای پایتەخت بیناکانیان چۆڵکردووە. هەروەها لە پایتەخت و شارەکانی هوانوکۆ و کالاو هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە.

سەنتەری نیشتمانی ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکانی پیرۆ رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریکردن لە ناوچە مەترسیدارەکاندا بەردەوامن، ئاماژەی بەوەشکردووە، توندیی بوومەلەرزەکە لە بەهێزەوە بۆ مامناوەند بووە.

پیرۆ لە بازنه‌ی ئەڵقەی ئاگری زەریای هێمندایە، کە ناوچەیەکی چالاکییە چڕەکانی بوومەلەرزه‌ و گڕکانەکانی تێدایە و بەسەر ناوچە فراوانەکانی زەریای هێمندا درێژدەبێتەوە، ساڵانە له‌ وڵاتەکە لانیکەم 400 بوومەلەرزە روودەده‌ن، کە زۆرینەیان لاوازن و دانیشتووان هەستیان پێناکه‌ن.