به‌ڵێنی چی دراوه‌؟

پۆلیسی هه‌ولێر به‌دواداچوون بۆ شه‌ڕه‌كه‌ی دهۆک ده‌كات

ئه‌حمه‌د شه‌مزین – هه‌ولێر

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆک كردووه‌ و به‌ڵێندراوه‌ هه‌ر كه‌سێك ئاژاوه‌ی دژی هانده‌رانی هه‌ولێر كردبێت، رووبه‌ڕووی یاسا بكرێته‌وه‌.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر موقه‌دەم كیفاح حەسەن به‌ 964ی راگه‌یاند، “دوای گرژییه‌كانی یاریی دهۆک و هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی دهۆك، كه‌ له‌ هانده‌رانی هه‌ولێر دراوه‌، بەڕێوه‌بەری پۆلیسی هەولێر پەیوەندی بە بەڕێوه‌بەری پۆلیسی دهۆک كردووە، ئه‌وانیش رایانگه‌یاندووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ و به‌ڵێنیان دا هه‌ر هانده‌رێک كاری ئاژاوه‌گێری له‌سه‌ر بسه‌لمێت و له‌ كامێراكانی چاودێری و چاودێریی كارمه‌ندانی خۆیانه‌وه‌ بۆیان ده‌ربكه‌وێت، ده‌درێته‌ دادگا و ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆک دڵنیایی داوه‌، هه‌ر هانده‌رێكی هه‌ولێر بریندار بووبێت، مافی نافه‌وتێت و به‌پێی یاسا مافی خۆی وه‌رده‌گرێت.

شه‌وی رابردوو یاریی نێوان دهۆک و هه‌ولێر له‌ خولی تۆپی پێی ئه‌ستێره‌كانی عێراق له‌ یاریگه‌ی دهۆک كرا و به‌ 1-1 گۆڵ یه‌كسان بوون، دوای یارییه‌كه‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ وه‌ك زۆربه‌ی جاره‌كانی تر روویدا و به‌پێی ئه‌و ڤیدیۆ و زانیارییانه‌ی ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، هانده‌رانی دهۆك هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر هانده‌رانی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كیان لێ بریندار كردوون.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا