لە بارەی یاریی GTA6 فهتوا درا
حهڕامه یان حهڵاڵه؟
لە بارەی یاریی GTA6 فهتوا درا
964+
ئهرسهلان عهبدوڵا
وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگهیاند، یاریی ئهلیكترۆنی GTA6 بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و دروست نییە، کەواتە مامەڵەکردن بەو یارییە و پارەکەشی حەرام دەبێت.
د. عهبدوڵا شێركاوهیی ئهمڕۆ پێنجشهممه 19.11.2026 راگهیاندراوێكی بڵاوكردهوه، كه ئهمه دهقهكهیهتی:
“بێگومان یەکێتی زانایان بەردەوام کۆمەڵگەی لە مەترسی ئەو دیاردانە هۆشیار کردووهتەوە، کە زیانیان بۆ سەر گەنج و لاوان یان خێزان و کۆمەڵگە هەیە، چ مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان بێت، یان گەمە و یاریی ئەلیکترۆنی نادروست، یان هاندانی گەنجان بۆ توندڕەوی و کاری خراپ و ناشایستە.
ئێستا ئەو یارییە بڵاوبووهتەوە، کە پێی دەڵێن یاریی جیتی ئەی 6 کە بەداخەوە بەپێی زانیاری باسکراو شتی خراپ و هاندان بۆ توندوتیژی و سەرەرۆیی و ماددەی هۆشبەرو بەدڕەوشتی و شتی تری تێدایە، زیان بە ماڵ و خێزان و سامان و گەنجانی ئێمە دەگەینێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و دروست نییە، کەواتە مامەڵەکردن بەو یارییە و پارەکەشی حەرام دەبێت، بەپێی فەرمودەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) کە دەفەرموێ: (لا ضرر ولا ضرار) واتە: دروست نییە زیان لە خۆت و دەوروبەر بدەیت.
هەر لێرەشەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بە زووترین کات رێگە لەو جۆرە ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشن و یاری و ئەتارییانە بگرن، کە گەنجانمان بەرەو ئاراستەیەکی خراپ دەبەن و چوارچێوەی خێزان و ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنن، داواش لە دایک و باوکان و خێزانەکان دەکەین رێگە نەدەن رۆڵەکانیان ئەم جۆرە یارییە نەشیاوانە بەکار بێنن..
ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان لە چەندین فەتوای تایبەت و پەیوەست بە شتە نامۆ و قەدەغەکراوەکان فەتوای دەرکردووە، کە پێویستە هەموو لایەک خۆی بەدوور بگرێت لەو شتانەی زیان بە کیان و کۆمەڵگە و خێزان دەگەینێت.د.عبدالله شێرکاوەیی
وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
19ی11ی2026
ئهم یارییه چییه؟
Grand Theft Auto VI (GTA 6) یارییەکی ڤیدیۆیی جیهانی کراوە و ئەکشن-سەرکێشییە (Action-Adventure)، کە لە لایەن کۆمپانیای Rockstar Gamesـەوە پەرەی پێدراوە و لە 19.11.2026 (ئهمڕۆ) بڵاوکرایهوه.
ئەم یارییە هەشتەمین بەشی سەرەکیی زنجیرە بەناوبانگەکەی GTAـیە و تەواوکەری بەشی پێنجەمه ((GTA V
رووداوەکانی یارییەکە لە ویلایەتی خەیاڵیی لیۆنیدا (Leonida) و شاری ڤایس سیتی (Vice City) بەڕێوەدەچن، کە لە ویلایەتی فلۆریدا و شاری مەیامی وەرگیراون، چیرۆکەکەی بەدەوری دوو هاوبەشی تاوانکاردا دەسووڕێتەوە بە ناوەکانی جەیسن دوڤال و لوسیا کامینۆ، یاریکەر دەتوانێت بە تەواوی بە ئازادی لە نێو جیهانە فراوان و پڕ وردەکارییەکەی یارییەکەدا بگەڕێت و سەرکێشی و ئەرکە جۆراوجۆرەکان ئەنجام بدات.