هه‌ولێر
دۆلار پاقله و شێلم و نۆكاویشی گران كرد
ئه‌حمه‌د شه‌مزین
فرۆشیارێكی پاقله‌ی كوڵاو و نۆكاو و شێلم ده‌ڵێت، به‌هۆی گرانبوونی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دینار، خواردنه‌كانی ئه‌وانیش گران بووه و خه‌ڵكیش ناڕازین.
شه‌وانه له زۆر شه‌قامی گه‌ڕه‌كه جیاجیاكانی هه‌ولێر، مێز و عه‌ره‌بانه وه‌ستاون و پاقله‌ی كوڵاو و سووركراوه، هه‌روه‌ها نۆكاو و شێلمی كوڵاو و گه‌نمه‌شامی ده‌فرۆشن، ئیتر خه‌ڵكیش حه‌زیان لێیه، جا له هه‌ندێكی ئه‌و شوێنانه ده‌بێت سه‌ره بگری تا به‌رت ده‌كه‌وێت.
ئیبراهیم شكور، كاسبكارێكی ئه‌و بابه‌ته‌یه و بۆ 964 ده‌رده‌ڵی خۆی كرد، ئه‌و ده‌ڵێت، پاقله و نۆک هه‌ریه‌كه‌ی فه‌رده‌ی زیاتر له 30 هه‌زار دیناری هاتووه‌ته‌سه‌ر، ئه‌مه وای كرد قازانجی ئه‌وانیش كه‌مبێته‌وه.
ئه‌و ده‌ڵێت، ئێستا له‌و قاپانه‌ی پاقله‌ی تێده‌كه‌ن بۆ كڕیاران، كه‌متری تێده‌كه‌ن، کڕیارانیش پێشیان سه‌یره كاتێک ده‌ڵێین پاقله‌ش به‌هۆی نرخی دۆلاره‌وه گران بووه.
باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، كڕیاره‌كان گله‌یی ده‌كه‌ن و ناڕازین، به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، شته‌كه گران بووه و كاسبییه‌كه‌ی ئه‌وانیش خێری كه‌م بووه.
ئیبراهیم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوكرانه‌بژێره و ده‌ڵێت، بازاڕه‌كه هێشتا باشه و كڕیاریان زۆره، هه‌یانه به دیلیڤه‌ری داوای ده‌كات و هه‌شیانه دێت سه‌ره ده‌گرێت تا به‌ری بكه‌وێت.
ئه‌و پێی وایه، پاقله و نۆكاوی ئه‌وان تامی خۆشه و كڕیاره‌كان له ده‌ستاوی ئه‌وان رازین، بۆیه بازاڕه‌كه‌یان باشه.
گرانبوونی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو بازاڕ هه‌یه و له هه‌موو جۆره كه‌لوپه‌ل و خواردهمهنییهكدا پاره‌ی زیاتر هاتووه‌ته سه‌ر نرخه‌كانیان، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زیاتره له‌سه‌ر شانی هاوڵاتیان و كاسبكارانیش.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا