داقوق

به‌رپرسێكی كاره‌با له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌ستگیر كرا

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسێکی بەشی کارەبای داقوقی بە تۆمەتی وه‌رگرتنی به‌رتیل راگەیاند.

ده‌سته‌كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18.11.2026 لە راگەیەندراوێکدا ده‌ڵێت، “دوای گەیشتنی زانیاری سه‌باره‌ت بە گومانی گەندەڵی و سەرپێچی لە لایەن بەرپرسێکی بەشی کارەبای داقوقەوە، تیمی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک چوونەتە بەڕێوەبەرایەتییەکە، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌، ناوبراو داوای پارەی لە خاوەن كارگه‌یه‌كی ئالیک لە پارێزگاکە کردبوو لە بەرامبەر دەستکاریکردنی پێوەری كاره‌بای كارگه‌كه‌ی و گۆڕینی خوێندنەوەی، کە پێشێلکردنی ئەرکە فەرمییەکانی پێکدەهێنێت و زیان بە بەرژەوەندییەکانی خاوەنکارەکەش دەگەیەنێت”.

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، “لە ئۆپەراسیۆنێکی جیادا تیمی مەیدانی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک کارمەندێکی لقی دەسەڵاتی خانەنشینی نیشتمانی لە پارێزگاکەیان دەستگیرکرد، هەروەها دەستیان بەسەر ئەو بەڵگەنامە ساختانەدا گرت کە بەشێوەیەکی نایاسایی پارەی خانەنشینی بەبێ پاساو خەرج دەکرا”. ئاماژەیان بەوەش کردووە، “بڕە خەرجکراوەکان کۆی گشتیی زیاتر له‌ 45 ملیۆن دینار بووه‌، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی دیکەی دۆسیەکە دەرچووە”.

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق روونیکردەوە، “دوو راپۆرتی فەرمی دەستگیرکردن بۆ ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە ئامادەکراوە، هەروەها تۆمەتباران خراونەتە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بەپێی مادەی 307 لە یاسای سزادان لە دۆسیەی یەکەمدا دەرکردووە، هەروەها مادەکانی 315 و 289 و 298ی هەمان یاسا لە دۆسیەی دووەمدا”.