لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستانە

دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای لەبارەی پەرلەمانی کوردستانەوە رەتکردەوە

964+

وریا فەتاح

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ دوو بڕیاری لەبارەی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکرد و هەردوو داواکارییەکەی رەتکردەوە، یەکێکیان داوای راگرتنی کار و بڕیارەکانی دانیشتنی سەرەتای ئەم مانگەی دەکرد و ئەوی دیکەشیان داوای دەکرد بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمان بە نادەستووری دابنرێت.

بڕیاری یەکەم: راگرتنی کاتیی دانیشتنەکەی 4ـی مانگ رەتکرایەوە
سکاڵاکارێک کە پێشتر تانەی لە رێکارەکانی دانیشتنی رۆژی 4.11.2026ـی پەرلەمانی کوردستان دابوو، لە 15ـی ئەم مانگەدا داوای لە دادگا کردبوو بەشێوەیەکی کاتی و بەپەلە (فەرمانی وەلائی) کار و بڕیارەکانی ئەو دانیشتنە رابگرێت تا سکاڵا سەرەکییەکە یەکلایی دەکرێتەوە. بەڵام دادگای فیدراڵی داواکارییەکەی رەتکردەوە، چونکە پێی وابوو مەرجە یاساییەکان و سیفەتی بەپەلەیی لەو داوایەدا نین.

بڕیاری دووەم: سکاڵای نادەستووریبوونی خولی شەشەم لە تایبەتمەندیی دادگا نییە
لە دۆسیەیەکی دیکەدا، پەرلەمانتارێکی کوردستان لە رۆژی 26.10.2026 سکاڵای لە دژی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردبوو و داوای دەکرد دادگا بڕیار بدات بەوەی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمان نادەستوورییە.

دادگای فیدراڵی ئەم سکاڵایەشی رەتکردەوە و رایگەیاند، یەکلایکردنەوەی ئەم بابەتە لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی ئەواندا نییە؛ چونکە بەپێی دەستوور، ئەرکی دادگاکە تەنیا چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاسا و پەیڕەوە کارپێکراوەکانە، نەک بڕیاردان لەسەر دەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولێکی پەرلەمانی کوردستان.

هەردوو بڕیارەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی سەرجەم دادوەران دەرکراون و کۆتایی و پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان.