باڵەخانەی یەکێتیی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە قۆناغێکی هەستیاردا
زانایانی ئاینیی بانگەوازی یەکڕیزی و پاراستنی قەوارەی کوردستان دەکەن
ئەحمەد مستەفا
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێ، لە کاتێکدا کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیی سیاسی و ئیقلیمی تێدەپەڕێت، بانگەوازی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان کردووە بۆ یەکڕیزی و ئاشتەوایی نیشتمانی.
یەکێتییەکە دەڵێ، بەرژەوەندیی کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێم دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانەوە بێت، چونکە داهاتووی کوردستان نابێت ببێتە قوربانیی ناکۆکی و ململانێی سیاسی.
لە پەیامەکەدا ئەوەش باسکراوە، هۆشداری دراوە لە کاریگەری بەکارهێنانی دامەزراوە شەرعییەکان وەک ئامرازی فشار و ملمڵانێی سیاسی، و داوا کراوە هەموو لایەنەکان بە گفتوگۆ و سازانەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.
یەکێتییەکە لەبارەی داهاتووی کوردستان دەڵێ، پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و مافە نەتەوەییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەمووانە.
لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و دوا پێشهاتەکان و ئاماژە خوێندراوەکان، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
(وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا) آل عمران:103
حزب و لایەنە سیاسیەکان – جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
لە روانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و وەک ئەرکی ئایینی و نیشتمانی، بە پێویستی دەزانین داوایەک ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان بکەین.
بەرێزان: هەمووان دەرک بەوە دەکەین کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار دایە، لەم هەلومەرجە تایبەت و پڕ لە کێشمەکێش و هاوکێشەی سیاسی و ئیقلیمی، بەرگەی پەرتەوازەیی و ناکۆکی و ململانێی زیاتر ناگرێت، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و هەرێمەکەمان، پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی و سازان و ئاشتەوایی نیشتمانی هەیە.
پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرژەوەندی نیشتمان و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی و سەقامگیری نێوماڵی کورد لەسەروو هەموو لایەنەکان و بەرژەوەندییەکی ترەوەیە، بە بیر هەمووان دێنینەوە کوردستان بە دەریایەک خوێن و خەبات بە ئێستا گەیشتووە، ناکرێ لەپێناو بەرژەوەندی کاتی و تایبەتی و حزبی، تووشی قەیرانێکی قوڵترو حاڵەتێکی نەخوازراو بکرێت و دواجار هەمووان لێی پەشیمان ببنەوە.
بەو پێیەی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکان موڵکی گشتی گەلە، ناکرێ وەک کەرەستە و کارتی ململانێی سیاسی و مەترسی دروستکردن لەسەر قەوارەی هەرێم بەکار بێت، هەر کەس ئیرادەی خێری بۆ کورد و کوردستان نەوێت، یاری بە چارەنووس و مافە نەتەوەییەکان و مێژووی کورد دەکات، کوردستان ماڵی هەمووانە و هەمووانیش ئەرکێکی گەورەی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان لەسەر شانە، گرنگە هەمووان بێنە ژێر بارو خواستی کەس پەراوێز نەخرێت و دۆخی دەروونی و بارو گوزەرانی هاوڵاتیان لەبەر چاو بگیرێت.
دەبێ ئەو راستیيەمان لەبەر چاو بێت، کورد نەیاری زۆرە و تەنیا کوردە دەتوانێ دۆست و پاڵپشت و هێزی ڕاستەقینەی کورد بێت، بۆیە جارێکی تر داوامان وایە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی سەرشانیان بكەن و ڕۆڵی دڵسۆزانەی خۆیان لەو پێناوەدا بخەنە گەڕو، بهرههمی خهباتو قوربانیانی مێژوومان له بار نهبرێت و، ئەرکی نیشتیمانی سەرشانی هەموو لایەنەکانە کوردستان و دەستکەوتەکانی وەک گلێنەی چاویان بپارێزن .
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
17ی11ی2026