هەولێر
فستق لە کڕین نایەت؛ کیلۆى هەشت هەزارى چووەتەسەر
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە کاتێکدا نرخی نەوت، بەنزین، کارەبا و خۆراکی رۆژانە رووی لە هەڵکشانە، گرانی گەیشتووەتە بازاڕی چەرەزاتیش و تەنیا نرخی یەک کیلۆ فستق هەشت هەزار دیناری چووەتە سەر.
ئەرکان عەلی رەحیم ماوەیی، کە لە ساڵی 1992ـەوە و ماوەی 34 ساڵە لە ناو بازاڕی هەولێر دووکانی چەرەزاتی هەیە، بۆ 964 باسی گۆڕانی نرخەکانی کرد و وتی، “لە جەژنی قورباندا کیلۆیەک فستقمان بە 17 هەزار دینار دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ئەگەر هەبێت، خۆمان بە 25 هەزار دینار دەیکڕین و نرخەکەشی دانابەزێت”.
ئەو دووکاندارە دێرینەی هەولێر دەگێڕێتەوە، فستق دوای ئازادی عێراق هاتووەتە کوردستان، چونکە پێشتر لە بازاڕدا تەنیا چوار جۆر چەرەزات هەبوون، ئەوانیش: نۆک، تۆو کوودی، گوڵەبەڕۆژە و فستق عەبید بوون.
بە وتەی ئەرکان ماوەیی، هۆکاری سەرەکیی ئەو گرانییەی ئێستا بۆ سێ شت دەگەڕێتەوە، گرانبوونی فستق لە ئەمریکاوە، داخرانی گەرووی هورمز و هەڵکشانی نرخی دۆلار.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح