وتەبێژی حکومەت: داهاتی نانەوتی بەرزدەکەینەوە

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داهاتی نانەوتیی عێراق بەرزدەکاتەوە

کوردستان جەلال

وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت داهاتی نانەوتی بەرزدەکەینەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بەرەوپێشچوونە دەزانێت.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند،  ئامادەکارییەکانی رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027 لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە تەواوکراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، داهاتی نانەوتی پێش ساڵی 2026 لە %11 تێپەڕی نەکردووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت لە بودجەی داهاتوودا بۆ لانیکەم %19 بەرزببێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پەرەپێدانی ئەدای دیجیتاڵی، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و بەهێزکردنی کۆکردنەوەی باج.

سەبارەت بە دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، عەبودی ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆ سیاسییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێکن لە هۆکارە کاریگەرەکان لەم دۆسیەیەدا.

عەبودی جەختی لەوەش کردەوە کە بەپێی دەستوور نەوت و گاز موڵکی هەموو عێراقییەکانن و پێویستە داهاتەکانیان بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی.