"تانکەرێکی سوتەمەنی ئاگری گرت"
پاسەوانێک گیانی لەدەست دا و شۆفێرەکەش بە سەختی بریندار بوو
سیروان خورشید – خورماتوو
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18.11.2026 لەناو وێستگەی سووتەمەنی “سەرحە” لە سنوری خورماتوو، تانکەرێکی پڕ لە بەنزین ئاگری گرت و بەهۆیەوە پاسەوانی وێستگەکە گیانی لەدەست دا و شۆفێری تانکەرەکەش بە سەختی بریندارە
یاسر مەجید، کارمەندی وێستگەکە سەرحە بە964ـی وت،” تانکەرەکە هاتوەتە نێو وێستگەکەوەو لە کاتی بەتاڵکردنی بەنزیندا لەپڕ بڵێسەی ئاگر لە تانکەرەکە بەرزبوەوە و پاسەوانەکەمان بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و تەقینەوەی تانکەرەکە بکات، خۆی گەیاندە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی بەهێزیی ئاگرەکەوە بەشێکی زۆری جەستەی سووتا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا”.
لەو رووداوەدا شۆفێری تانکەرەکەش بە سەختی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
یاسر مەجید ئاماژەى بەوەشکرد، لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستان و پۆلیس، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستی پێکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح