پەرلەمانی کوردستان
"مافەکانیان دەپارێزین"
پەرلەمانی کوردستان: خوشک و برایانی تورکمان پێکهاتەی رەسەنی کوردستانن
کوردستان جەلال
پەرلەمانی کوردستان بە تورکمانەکان دەڵێت، پێکهاتەی رەسەنی کوردستانن.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە بۆنەی رۆژی زمان و کولتووری پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برایانی پێکهاتەی تورکمان دەکەین، خوشک و برایانی تورکمان پێکهاتەی رەسەنی کوردستانن، بە درێژایی مێژوو رۆڵێکی بەرچاویان لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ، ئەدەب و هونەری ئەم نیشتمانەدا هەبووە و هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بوون لە خەبات و بونیادنانەوەی کوردستاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانیدا، بە بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2020 رۆژی 17/11ـی هەموو ساڵێک ئەم یادە بەرز رادەگرێت.
”لە هەرێمی کوردستان بڕوای تەواومان بەوە هەیە فرەزمانی و فرەکولتووری سەرچاوەی هێز و جوانیی هەرێمی کوردستانە و بنەمای سەرەکیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی زیاتری قەوارە و دامەزراوە نیشتمانییەکانمانە. لەم یادە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی، پاراستنی ناسنامە و مافەکانی پێکهاتەی تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە دەکەینەوە، هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ زمان و کولتووری ئەو پێکهاتەیەی هەرێمی کوردستان دەخوازین”، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان وادەڵێت.