دیمه‌نی لافاوی پاییزی 2026ی هه‌ولێر
"هه‌نگاوه‌كان بكرێنه كرداری"
هه‌ولێر خۆی بۆ بارانی داهاتوو ئاماده ده‌كات
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
هێشتا كاریگه‌رییه‌كانی لافاوه‌كه‌ی ئه‌وێ رۆژێی هه‌ولێر به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاره‌كه‌وه ماوه و هێشتا زیانلێكه‌وتووان قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان كراوه و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌گه‌ر بارانی داهاتوو و مه‌ترسی لافاوی دووباره ده‌كرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15.11.2026 بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و به ئاماده‌بوونی عه‌لی ره‌شید سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و چه‌ندین لایه‌نی دیكه‌ی به‌رپرسی ئیداری، له دیوانی پارێزگا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان به‌ڕێوه‌چوو.
راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه، کۆبوونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی هەولێر و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان و بارانبارین بوو.
“دۆخی لافاوەكه‌ی چەند رۆژی رابردوو، لێکەوتەکانی و ئاستی زیانە گیانی و ماددییەکان هەڵسەنگێندران، هەروەها ڕاپۆرتی تیمە گەڕۆکەکانی خەملاندنی زیانەکان پێشکەش کرا و کاری ئەنجامدراو بۆ پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەکانی بارانبارین تاوتوێ کرا”، له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا واهاتووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كراوه، دۆخی ئەو گەڕەک و شەقامانەی سنووری شارەوانی هەولێر کە بەهۆی بارانبارینی چڕەوە تووشی ئاوکۆبوونەوە بوون، بە وردی هەڵسەنگێندران و پێداویستییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان دیاری کران.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئامادەکاریی فەرمانگە و لایەنە خزمەتگوزارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارانبارینی داهاتوو و وەرزی زستان به گشتی تاوتوێ کرا، جەخت لەسەر پێویستیی خێراکردن و بەردەوامبوونی کارەکانی خاوێنکردنەوەی کەند و کەناڵەکانی ئاو، رێڕەوەکانی ئاوەڕۆ و دڵنیابوون لە ئامادەیی تۆڕەکانی ئاو کرایەوە، بۆ ئەوەی مەترسییەکانی لافاو و ئاوکۆبوونەوە کەم بکرێنەوە و گیان و ماڵی هاوڵاتیان بپارێزرێت.
راگه‌یاندراوه‌كه ئه‌وه‌ی باسكردووه، “پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکان بۆ هەنگاوی کرداری و ئەنجامی بەرجەستە کردەوە و ئاماژەی بەوەداوه، ئەرکی سەرەکیی هەموو فەرمانگە و لایەنە خزمەتگوزارییەکان خزمەتکردنی هاوڵاتیانە، بۆیە پێویستە بە یەک تیم و بە هەماهەنگییەکی زیاتر، لە زووترین کاتدا هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بنرێت”.
ئێواره‌ی 7.11.2026 بارانێكی زۆر له هه‌ولێر باری و له چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی وه‌ک هه‌ولێری نوێ و شێخ ئه‌حمه‌د و سێبه‌ردان بووه لافاو، له ئه‌نجامدا دوو هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ست دا، كه یه‌كێكیان منداڵێكی پێنج ساڵان بوو، هه‌روه‌ها زیانی زۆر به ماڵ و حاڵی سه‌دان خێزان كه‌وت و به سه‌دان ئۆتۆمبێلیش ئاوی لافاو بردنی و به‌شێكیان هه‌ر كه‌ڵكیان نه‌ما.