تەندروستی هەرێم هۆشداری دەدات

چای جینسینگ و قاوەکانی رۆما و میلانۆ لە بازاڕدا نامێنن

کوردستان جەلال

چای جینسینگ و قاوەکانی رۆما و میلانۆ کە هەندێک شوێن بۆ “قەڵەوبوون و لاوازبوونی جەستە” ریکلامیان بۆ دەکەن، لە بازاڕدا نامێنن و وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دەرمانی مەترسیداریان تێدایە و کێشە بۆ دڵ دروست دەکەن.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی KMCA بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی هاونیشتیمانییان و تەندروستیی گشتی بڕیاریدا بە کشاندنەوەی سێ بەرهەمی تەواوکەری خۆراکی لە بازاڕی دەرمانی هەرێم، ئەو بڕیارەش دوای ئەوە هات کە؛ راپۆرتی شیکاریی تاقیگەیی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA دەریخست ئەو بەرهەمانە دەرمانی شاراوەی مەترسیدار و قەدەغەکراویان تێدایە و پێشتر لەلایەن کارگەی دروستکەر و کۆمپانیای هاوردەکاری ئەو بەرهەمانە لە بەڵگەنامەکان ئاماژە بە بوونی ئەو ماددەیە نەکرابوو.

بەرهەمەکان بەناوەکانی؛

قاوەی رۆما – ROMA Coffee

قاوەی میلانۆ – Milano Coffee

چای جینسینگ – Ginseng tea کە بۆ سەرخستن و دابەزاندنی کێشی لەش ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەپێی راپۆرتی شیکاریی تاقیگەیی KMCA دەرکەوت کە دەرمانێکی مەترسیدار و قەدەغەکراویان بەناوی سیبوتڕامین – Sibutramine بە بڕێکی زۆر تێدایە.

سیبوتڕامین؛ دەرمانێکی قەدەغەکراوە چونکە مەترسی لەسەر دڵ و کۆئەندامی سوڕانی بەکارهێنەر درووستدەکات، ئەو دەرمانە لە ساڵی 2010ەوە لە بازاڕی دەرمانی سەرجەم وڵاتان کشێندراوەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “هاوڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە کڕین و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە رابگرن. دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمانیش پێویستە دەستبەجێ کاری کڕین و فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە رابگرن، بە پێچەوانەوە، سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.