"خۆشی دەکەین و زەیتی لێدروست دەکەن"
بە خێزانی هاتوونەتە هەرمۆتە و بەرهەمی زەیتوونەکەیان دەفرۆشن
دەریا ئەحمەد – کۆیە
سەرباز زاهیر و هاوسەر و منداڵەکانی، هەموو پێکەوە بەرهەمی زەیتوونەکەیان هێناوەتە فێستیڤاڵی زەیتون لە گوندی هەرمۆتەی سنووری کۆیە.
سەرباز زاهیر لەبارەی بەرهەمەکەیانەوە بە 964ـی وت: زەیتوونەکە لە باخی خۆمان گەورە بووە و خۆمان لێمانکردووەتەوە و بەشێکی دەکەین بە زەیتی زەیتوون و بەشێكی دیکەی خۆش دەکەین.
شنۆ تەها، هاوسەری سەرباز لەسەر خۆشکردنی زەیتوونەکەیان قسەی بۆ کردین و وتی: زەیتوونەکەی ئێمە دەرمانی تێ ناکەین و تەنیا لە خوێ و ئاو خۆشی دەکەین و 40 رۆژی تەواوی پێویستە.
ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە باسی لەوەشکرد، ئەوان دوکانیان نییە، بەڵام موشتەری تایبەتی خۆیان هەیە و ئەوەی جارێک بەرهەمەکەیان تاقیبکاتەوە، دووبارە داوای دەکاتەوە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی