وتەبێژی وەزارەتی کارەبا:

“ئێستا شەش بۆ حەوت کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت”

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیادیکردووە و بووە بە شەش بۆ حەوت کاتژمێر لە رۆژێکدا، ئەمەش دوای ئەوەی کە بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر كاره‌با کەمبووەوە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، لە سەرەتای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هەزار و 100 مێگاوات کەمیکرد، دواتر ئەو بڕەمان گەیاندەوه‌ هەزار و 500 مێگاوات.

ئەوەشی وت، “سەرەتا بەهۆی هێرشەکەوە سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرا، بەڵام ئێستا بووە بە شەش بۆ حەوت کاتژمێر، ئێمە %80ـی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبامان غاز بووە و لەگەڵ ئەوەشدا نەمانهێشت کوژاندنەوەی گشتی رووبدات.

هێشتا نازانرێت کەی بەرهەمهێنانی غاز و رەوانەکردنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستپێدەکاتەوە و تیمەکان سەرقاڵی چاکسازیین لە کۆرمۆر و هەر کە تەواو بوو، دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

نزیکەی کاتژمێر 11ـی شەوی 8-11-2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قادر كه‌ره‌م، دوای هێرشەکە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتیان، بەرهەمهێنانی کارەبا 2,800 مێگاوات کەمیکردووە.

پێداچوونەوە: کوردستان جەلال