بە بڕیاری عەلی زەیدی

بەغدا غازی شل بۆ کوردستان دابین دەکات تا بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە

شۆڕش قادری

بە بڕیاری عەلی زەیدی بەغدا غازی شل بۆ کوردستان دابین دەکات تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆڕ دەستپێدەکاتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، لەسەر داواکاری وەزارەتەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 9.11.2026 عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راسپاردووە، بۆ ئەوەی بڕی پێویستی غازی شل بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە.

سامانە سروشتییەکان هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا و تا گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، هیچ کێشە و کەموکوڕییەک لە غازی ماڵاندا دروست نەبێت.

درەنگانی شەوی رابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و تەقینەوەیەکی گەورە روویدا، دوای ئەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە راوەستا و کارەبای نیشتمانی ناوچەکانی کوردستانیش بۆ چەند سەعاتێک کەمکرایەوە.