بەهۆی لافاوەکەی دوێنێ شەو

دوکانی کەمالیاتەکانی هەولێر زەرەر و زیانێکی زۆریان کردووە


ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ژمارەیەک دوکانی کەمالیاتی ئۆتۆمبێل لە شەقامی 60 مەتری هەولێر، لە دوێنێ شەوەوە پڕبوون لە ئاو و زەرەر و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.

خاوەن دوکانەکان بۆ دەرکردنی ئاوی نێو دوکانەکانیان پەنایان بۆ کۆمپانیایەک بردووە تا بە تانکەر ئاوەکەیان بۆ دەربکات و خاوەنی کۆمپانیاکەش بە 964ـی وت: لە بەیانی زووەوە خەریکین و نزیکەی 200 بۆ 300 تانکەر ئاو لە شوێنەکە کۆبووەتەوە.

ئەو شوێنەی کە ئاوەکەی لێکۆبووەتەوە، نزیکەی 20 دوکانی کەمالیاتی تێدایە و بە وتەی مەریوان عەبدوڵا کە دراوسێی دوکانە زیانلێکەوتووەکانە و قسەی بۆ 964 کرد، هەر دوکانێکی ئەو شوێنە، بایی نزیکەی سێ دەفتەر دۆلار کەلوپەلی جوانکاری و کەمالیاتی ئۆتۆمبێلیان تێدایە و زۆربەیان کەڵکیان نەماوە.

كەمال محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گوڵزاری شار بە 964ـی وت: بە تانکەر ئاوەکە دەردەکەین و نزیکەی سێ کاتژمێری دیکە تەواوی دەکەین.

پێداچوونەوە: هەژان هادی