چەند ئۆتۆمبێلێک لەناو ئاودا ماونەتەوە

هێشتا بەشێک لە رێگاکانی هەولێر داخراون و نەکراونەتەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

هێشتا بەشێک لە رێگاکانی هەولێر داخراون و نەکراونەتەوە، بەڵام هاتوچۆ لە شەقامەکانی 100 و 60 مەتری ئاساییە و هیچ کێشەیەکیان نییە.

پردەکەی نزیک نەخۆشخانەی رزگاری کە بەرەو جادەی کۆیە دەڕوا، ئاوی تێدا ماوە و ئۆتۆمبێلەکانیش وردە وردە دەردەکەون، نزیک فامیلی مۆڵ و جادەی شەقڵاوەش چەند ئۆتۆمبێلێکی لێیە کە شەوی رابردوو لەکاتی لافاوەکە جێهێڵراون و تا ئێستا کەس نەچووە بەلایانەوە.

پەیامنێری 964 فڕەیەکی بەسەر هەردوو شەقامی 100 مەتری و 60 مەتری لێداوە و دەڵێت، رێگاکان کراوەن و هاتوچۆ تێیاندا ئاساییە.

ئێوارەی دوێنێ و دوای هاتنی شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە، لافاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر دروستبوو، جگە لە زیانە ماددییەکان، لە گەڕەکی هەولێری نوێ منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەناو ئۆتۆمبێلەکەی باوکی خنکا و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەیان دۆزییەوە، لە گەڕەکی سێ بەردانیش سایەقی شۆفڵێک کە بە هانای خەڵکەوە چووبوو، خنکا و گیانی لەدەستدا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری