لە زاخۆ

گرانیی گاز بایکۆتی بە هێڵەکانی گواستنەوە کرد


شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەمرۆ سێشەممە 3.11.2026، شوفێری پاس و مینی پاسەکانی ناو بازاڕی زاخۆ بۆ دەرەوەی شار بایکۆتی کارەکەیان کرد، ئەوەی ئێستا بیەوێت هاتوچۆ بکات ناچارە تاکسی تایبەت بەکاربێنێت.

دوای گرانبوونی نرخی یەک لیتری گازوایل بۆ هەزار و 500 دینار، شوفێرانی هێڵی گواستنەوەی ناوبازاڕ بۆ ئیبراهیم خەلیل و بەپێچەوانە، هەروەها ناو بازاڕ بۆ بەشی رۆژهەڵاتی شاری زاخۆ کەبە هێڵی گولان ناسراوە، ئەوانیش بایکۆتییان کردووە.

سەگڤان کۆچەر، شۆفێرێکی پاسە لەهێلی گوڵان بە 964 وت، قازانجی ئێمە تەنیا بۆ گازوایلە و هیچ سودێک لەئیشەکەمان نابینین.، بڕیارماندا بایکۆت بکەین تا چارەسەرێک بۆ کێشەکەمان دەدۆزینەوە.

لای خویەوە هۆگر رەزوان، بەرپرسی سەندیکای کرێکاران لقی زاخۆ بە 964 وت، لەگەڵ قایمقامیەت و لیژنەی نەوت و کانزاکان لەسەر هێڵین، لەکاتێکی نزیکدا کێشەکە چارەسەر دەکەین.

هۆگر وتیشی، پێشنیازی گرانکردنی نرخی یەک سەرنشین لە 500 دینار بۆ 750 دینار کرابوو بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە، هەوڵدەدەن بڕێکی گازوایل بەنرخێکی گونجاو بۆیان دابین بکەن، وەک چۆن ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان بە 750 دینار بەنزین وەردەگرن، ئەوانیش بەنرخێکی لەو شێوەیە گازوایل وەردەگرن.

هێڵەکانی گواستنەوەی ناو شاری زاخۆ بۆ دەرەوە زیاتر لە 27 ساڵە هەیەتی، ئەمرۆ بەهۆی گرانبوونی نرخی گازوایل شۆفێرەکانی ئەو هێڵانە بایکۆتیان کرد و ئێستا تەنیا تاکسی سەرنشینەکان دەگوازنەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا