"هەر کەس ئەو کارە بکات بەتوندی سزا دەدرێت"

قایمقامیەتی سلێمانی ئەو کێڵگانە تێکدەدات کە بە ئاوی زێراب ئاودەدرێن

شۆڕش قادری

قایمقامیەتی سلێمانی ئەو کێڵگانە تێکدەدات کە بە ئاوی زێراب و پیس ئاودەدرێن و  دەڵێت، هەر کەس و لایەنێک ئەو کارە بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 2.11.2026 و لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، لیژنە هاوبەشەکانیان، لە ناوچەی تانجەرۆ هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ تێکدانی ئەو کێڵگەی سەوزانە ئەنجامداوە کە بە ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) ئاو دەدرێن.

بابان ئەحمەد سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەو هەڵمەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و بەشی زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئەنجامدراوە، بە مەبەستی تێکدان و لەناوبردنی تەواوی ئەو کێڵگەی سەوزانەی بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی پیس و نەشیاوەوە، مەترسی لەسەر تەندروستیی هاوڵاتیان دروست دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەرهەمی ئەو کێڵگانە بە هیچ جۆرێک گونجاو نین بۆ خواردن و بەکارهێنانیان دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک کۆلێرا و ژەهراویبوونی کۆئەندامی هەرس.

بابان ئەحمەد راشیگەیاندووە، چاودێرییەکانیان بەردەوام دەبن و رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت تەندروستیی هاوڵاتیان بکاتە قوربانی دەستکەوتی ماددی.

ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی نزیکی لە ئاوەڕۆی سەرەکی شاری سلێمانی، ساڵانە رووبەڕووی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە دەبێتەوە، لیژنە هاوبەشەکانیش هۆشداریی دەدەنە سەرپێچیکاران کە رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە.