"گازمان بدەنێ با هەرزانی بکەین"

“دەیکوژێنینەوە”؛ خاوەن مۆلیدەکانیش لە کەرکوک نارازی و تووڕەن

کاروان ساڵحی

بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە، خاوەن مۆلیدەکانی هێنایە سەر شەقام و لە بڕیارەکە تووڕەن، دەڵێن ئەگەر جێبەجێ بکرێت مۆلیدەکان دەکوژێننەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا نرخی ئەمپیرێک مۆلیدە لەسەر داوای خۆپیشاندەران لە 18 هەزار دینارەوە کەمبکاتەوە بۆ 13 هەزار دینار، خاوەن مۆلیدەکان چوونە بەردەم بینای قایمقامیەتی کەرکوک و دەڵێن، بەو بڕیارە رازی نین.

محەمەد مستەفا یەکێکە لە خاوەن مۆلیدەکان و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو قسەی دەڵێت، “ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت ئێمە مۆلیدەکان هەڵناکەین، چونکە خۆی پارەی ئەمپیرێک 24 هەزار دینارە، بەڵام لەبەر گوزەرانی خەڵک کراوەتە 18 هەزار دینار، ئێستا ئێمە بەو نرخە زەرەرمانە، کەچی کراوەتە 13 هەزار دیناریش”.

“ئێمە 20%ـی گازمان دراوەتێ، ئەوەی دیکە خۆمان کڕیومانە و زەرەرمانە، ئەگەر بایی ئەو سێ هەزارەی کەمکراوەتەوە لەلایەن قایمقامییەتەوە گازمان بۆ دابین بکرێت، رازین”، محەمەد مستەفا وادەڵێت.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە قایمقامیەتی کەرکوک نرخی هەر ئەمپێرێکی لە 18 هەزار دینارەوە کەمکردەوە بۆ 15 هەزار دینار، بەڵام دواتر خۆپیشاندەران بەوەش رازی نەبوون و ئەنجومەنی پارێزگا دایبەزاند بۆ 13 هەزار دینار.

ئەدهەم ئەحمەد یەکێکی دیکە لە خاوەن مۆلیدەکان بە 964ـی وت، “خۆ ئەمە عەنتەریات نییە بەو نرخە بڕوات، ئێمە مۆلیدەکان دەکوژێنینەوە، ئەگەر 30 رۆژ گازمان بۆ دابین بکەن، من ئەمپیرێک دەکەمەوە پێنج هەزار دینار”.

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا