60 ماڵ خاوەنی دارگوێزێکن
گوێزی چل پشکە؛ چیرۆکی دارێک کە 200 ساڵە خەڵک کۆ دەکاتەوە
ئاکام غەفوور – سۆران
لە گوندی روبارە، لە دۆڵی ئالانەی ناوچەی خەلیفان، دارگوێزێک هەیە کە تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە و هێشتا وەک جاران، خەڵکی گوندەکە لە دەوری کۆ دەکاتەوە. ئەم دارە کە بە گوێزی چل پشکە ناسراوە، موڵکی نزیکەی 60 ماڵە و لە کۆنەوە وەک میراتێک ماوەتەوە.
بەرهەمی دارگوێزەکە بە هاوبەشی و یەکسانی لەنێوان خاوەنەکانیدا دابەش دەکرێت؛، نەریتێک کە لە ماوەی ساڵاندا نەک تەنیا پارێزراوە، بەڵکوو بووەتە هۆی پتەو بوونی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.
مام عومەر کەریم، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، بە 964ی وت، لەوەتەی خۆی لەبیرە، دارەکە موڵکی هەمووان بووە و بەهۆی زۆری خاوەنەکانییەوە بە گوێزی چل پشکە ناسراوە.
سەعید نەجات، گەنجێکی گوندەکە، دەڵێت هەر ساڵێک ئەم دارە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خزم و کەسوکار و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانیان.
دارگوێزەکە لە گەلی بڵە، لە سنووری قەزای خەلیفان، هەڵکەوتووە. ئەگەرچی زەوییەکەی موڵکی کەسێکی ترە، خەڵکەکە ویستیان پارێزگاری لەم نەریتەی باوباپیرانیان بکەن.
ئەم دارە تەنیا سەرچاوەی بەرهەم نییە، بەڵکوو نیشانەیەکە لەوەی کە هاوبەشی و تەبایی دەتوانن بۆ نەوەکان بمێننەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا