یادەوەرییەکانی دوکتۆر مەحموود عوسمان

لە رێککەوتننامەی 11ی ئازار و هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانییەوە

964+

ژووری هەواڵ

لە زنجیرە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ 964، دوکتۆر مەحموود عوسمان، کەسایەتی سیاسیی دیاری کورد، کۆمەڵێک وێنە، بەسەرهات و رووداوی مێژوویی و نەبیستراوی قۆناغە هەستیارەکانی خەباتی گەلی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی عێراق و شۆڕشی ئەیلول دەگێڕێتەوە.

لە بەشێکی گێڕانەوەکانیدا، دوکتۆر مەحموود تیشک دەخاتە سەر شەوی پێش رێککەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 و هەڵسوکەوتی سەدام حسین و دڕاندنی کاغەزەکان لەلایەن ئەوەوە، هەروەها باسی ئەو وێنە بەناوبانگانە دەکات کە سەدام لە دوای ئەوە و ئەحمەد حەسەن بەکرەوە دەڕۆیشت، یان ئەو کاتەی سەدام وتویەتی دەبێت کەسێک لە من گەورەتر ئەمە بخوێنێتەوە.

یەکێکی تر لە وێستگە گرنگەکانی دیمانەکە، گێڕانەوەی وردەکاریی ئەو تەقینەوەیەیە کە لە نزیک مەلا مستەفا بارزانی روویدا و دکتۆر مەحموود خۆی لەو ژوورەدا بووە؛ لەو کاتەدا مەلا مستەفا بە نەجووڵان لە شوێنی خۆی وتویەتی “خوا نەیکرد”. هەروەها باسی سەردانێک بۆ لای شای ئێران دەکات کە تێیدا بە شای وتووە “تۆ ئێمەت فرۆشت” و بەو قسەیە شای زۆر تووڕە کردووە.

لەبارەی پێشنیازی پۆستەکانەوە، دکتۆر مەحموود باس لەوە دەکات کە 56 ساڵ پێش ئێستا پێشنیاری پۆستی پێشکەش کراوە و قبوڵی نەکردووە، هەروەها باسی ئەو کاتە دەکات کە پێشنیار کرابوو یەکێک لە کوڕەکانی مەلا مستەفا ببێتە جێگری سەرۆکی عێراق، کەچی مەلا مستەفا رازی نەبوو کوڕەکانی پۆست وەربگرن، و لە کاتی وەڵامدانی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەکرا شۆڕش لە ساڵی 1975 شکست نەهێنێت، مەلا مستەفا وتویەتی: “کەس لەگەڵ ئێمە نییە”.

لەم زنجیرە دیمانەیەدا، چەندین وردەکاری دیکەی سەرنجڕاکێش دەربارەی پەیوەندی خێزانی، وێنەی یادگاری لەگەڵ بارزانی لەگەڵ لەدایکبوونی کوڕەکەی کە دوعای بەسەردا خوێندبوو، هەروەها باسی ئەو کۆنگرەیەی کە سەرۆکی پارتی تیا یەکلاکرایەوە و چەندین ڕووداوی تری سەیری ساڵانی حەفتاکان خراونەتەڕوو.

تەواوی پرۆگرامەکە لەم لینکەوە بینەری بن