"گەورەترین سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە دەبێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

نەخۆشخانەی “هیوای گەورە” لەناو پارکی هەواری شار دروست دەکرێت

شۆڕش قادری

نەخۆشخانەی “هیوای گەورە” تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە لەناو پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی دروست دەکرێت.

قەول وایە نەخۆشخانەکە لەسەر بەرزترین ستاندارە جیهانییەکان دروست بکرێت و ببێتە گەورەترین سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی فەڕەنسی شوێنەکەیان بەسەر کردەوە.

شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی چەند وێنەیەکی لەگەڵ شاندەکە داناوە و نووسیویەتی، سەرەتا شاندەکە پارێزگای سلێمانی و نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و  رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) و نەخۆشخانەی هیوایان بەسەرکردووەتەوە و پێکەوە تاوتوێی دانانی پلانی تۆکمە و وردیانکرد، دواتر ئەو زەوییەش بەسەرکرایەوە کە بڕیارەکە نەخۆشخانەکەی لەسەر بنیاتبنرێت کە کەوتووەتە پارکی هەواری شار.

بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی داوە لە بەڕێکردنی رێکارە کارگێرییەکان تا دانانی بەردی بناغەی “نەخۆشخانەی هیوای گەورە” بۆ ئەوەی بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.

بۆ دەستپێکردن و بەجێگەیاندنی پڕۆژەکەش بۆردێکی پشتیوانی پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جێگری پارێزگاری سلێمانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، رێکخراوی CDO و کۆمپانیای دوارۆژ.