بەڕیوەبەری ناحیەیەی گردەسێن:

“هەشت مانگە لە کارەکەم دەرکراوم ئەمڕۆ گەڕێندرامەتەوە”

964+

زەید کۆچەر- ئاکرێ

نزیکەی هەشت مانگ بەر لە ئێستا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، فەرمانی دەرکردن بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن دەرچوو، بەڵام ئەمڕۆ بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لیژنەیەک پێکهێنرابوو، بەتۆمەتی گەندەڵی بڕیاری دەرکردن بۆ ئەحمەد سلێمان بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن دەرچوو بوو، لە شوێنی ئەو ئەفسەرێک بە وەکالەت دانرابوو.

ئەمڕۆ 28.3.2023 بڕیاری دەستبەکاربوونەوە بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن لە وەزارەتی ناوخووە دەرچوو.

ئەحمەد سلێمان، بەڕێوبەری ناحیەی گردەسێن، بۆ 964 وتی “لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو، بەبڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ من و قایمقام لەکارەکانمان دەرکراین، بەڵام هەڵە تێگەیشتنێک هەبوو، لیژنەیەک پێکهات، دەرکەوت ئەو بڕیارە شایەنی من نیە”.

ئەحمەد سلێمان، ئەوەشی پێ وتین “ئەمرۆ بڕیاری گەڕاندنەوەم بۆ دەرچووە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە موچەکەم راگیراوە، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەم تێکڕای موچەی رابردووم بۆ خەرج دەکرێت”.

964 زانیویەتی هۆکاری لادانی بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن، لەسەر رێگەپێدانی دروستکردنی خانو و دوکانی تەجاوز بووە.

بەڕێوبەری ناحیەی گردەسێن، ئەو زانیاریە پشتڕاست دەکاتەوە دەڵێت: کێشەکە لەسەر دروستکردنی چەند خانو و دوکانێک بوو، بەڵام بڕیاری دروستکردنیان لەسەر بڕیاری سەرووی خۆم بووە و رێگەپێدانیان لەلایەن من نەبووە، دوای ئەوەی لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ هاتن منیان لە پۆستەکەم دەرکرد، بەڵام دوایی لێکۆڵینەوە دەرکەوت من بێ تاوانم.

ناحیەی گردەسێن سەر بە قەزای ئاکرێیە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 60 هەزار کەسە، 107 گوند لەخۆ دەگرێت، سەنتەری ناحیەی گردەسێن پێنج هەزار خێزانی لێدەژیت.

پێداچوونەوەی: فەهمی نەبی