دوایین پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل

ناتانیاهۆ بە ترس و تۆقاندن تۆمەتبار دەکرێت و رێژەی دەنگدان بەرزبووەتەوە

مستەفا نەهرۆ

دەنگدان بەردەوامە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا، ململانێ و گرژییە سیاسییەکان توندتر بوون؛ لایەنە رکابەرەکان بنیامین ناتانیاهۆ بە بڵاوکردنەوەی ترس و دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم دەنگدەرانی فەلەستینیدا تۆمەتبار دەکەن.

کورت و پوخت دوایین پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل لێرەوە بزانن:

📌 بەپێی نوێترین ئاماری کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان، تا کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە (بە کاتی هەرێمی کوردستان) رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران گەیشتووەتە 55.7%، کە ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بە رێژەی 8.2% بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022، لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکردەی پارتە سیاسییەکان بەردەوامن لە هاندانی لایەنگرانیان بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

📌 ئەحمەد تیبی، سەرکردە لە لیستی هاوبەش رایگەیاند کە جولەکە نیشتەجێبووەکان بە ئەنقەست پڕۆسەی دەنگدان لە ناوچە و شارۆچکە فەلەستینییەکان خاو دەکەنەوە، رێکخراوی عەداڵە بۆ مافەکانی مرۆڤیش پشتڕاستی کردەوە کە سکاڵایەکی زۆریان لە هاوڵاتیانی فەلەستینییەوە پێگەیشتووە کە رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.

📌 ناتانیاهۆ لە یەکێک لە بنکەکانی قودسی رۆژئاوا دەنگی دا و داوای لە لایەنگرانی کرد بەپەلە بچنە بنکەکانی دەنگدان و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هاوڵاتیانی فەلەستینی پێشبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.

📌 یوسف جەبارین، سەرۆکی لیستی هاوبەش، ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەردەوامە لە هاندانی خەڵک دژی هاوڵاتیانی عەرەب و دەیەوێت مافی دەنگدانمان بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسی، بخاتە ژێر پرسیارەوە.

📌 گادی ئایزنکۆتیش، ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پەنای بردووەتە بەر “فێڵ، درۆ و ترس بڵاوکردنەوە” بۆ ئەوەی خەڵک هان بدات دەنگی پێ بدەن.

📌 لەلایەکی دیکەوە، ناتانیاهۆ کە سەرکردەی پارتی لیکودە، بەردەوامە لە هاندانی لایەنگرانی بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە پۆستێکی تۆڕی (X)ـدا کە کاتژمێر 07:03 خولەکی ئێوارە کردوویەتی دەڵێت: تەنیا چوار کاتژمێر ماوە بۆ رزگارکردنی ئیسرائیل.

📌 کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کردووە کە بڕیارە کاتژمێر 11:00ـی ئەمشەو (بە کاتی هەرێمی کوردستان) دەرگای بنکەکانی دەنگدان دابخرێن، بەڵام ئەو کەسانەی تا ئەو کاتە لەناو بنکەکان و لە سەرەدان، مافی دەنگدانیان پێ دەدرێت.