پەروەردەی عێراق بە بڕیارێک پێدانی ئەرکی ماڵەوەی بە قوتابیانی قەدەغە کرد
بڕیاری پەروەردەی عێراقە
“ئەرکی ماڵەوە مەدەن بە قوتابیان و هەرچی هەیە لە قوتابخانە ئەنجامی بدەن”
سیروان خورشید – خورماتوو
بەمەبەستی پاراستنی باری دەرونی و تەندروستی قوتابیان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر پشتی خێزانەکان وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا پێدانی هەر جۆرە ئەرکێکی ماڵەوەی لە دەرەوەی کاتی دەوامی فەرمی قەدەغە کرد.
ئاریان سابر بەڕێوەبەری پەروەردەی خورماتوو بە 964ـی وت،” ئامانجی سەرەکی لەم بڕیارە گەڕاندنەوەی مافی حەوانەوە و کاتی تایبەتییە بۆ قوتابی و خوێندکاران لەگەڵ خێزانەکانیاندا، قوتابخانە شوێنی فێربوون و ئەنجامدانی ئەرکەکانە و لەمەودوا ماڵەوە دەبێتە شوێنی حەوانەوە و گەشەی دەرونی بۆیان”.
وتیشی، لەمەدوا بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکان بەرپرسیاری تەواوی هەر سەرپێچییەک دەکەن کە لەلایەن مامۆستایانەوە ئەنجام بدرێت و بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک لێپرسینەوەی یاسایی ئەنجام دەدرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، مامۆستایان بۆیان نییە لە دوای کاتی دەوامی قوتابخانە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک “تێلیگرام، ڤایبەر، وەتسئەپ” ئەرک و وانەی زیادە بۆ خوێندکاران بنێرن، ئەم رێنماییە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی “سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی” دەگرێتەوە و دەبێت سەرجەم ئەرکەکان و نووسینەکان تەنها لە ناو کاتی وانەی خوێندن و لە ناو پۆلدا ئەنجام بپۆشرێن.
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە خوارەوە؛
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری