دادگای سلێمانی - وێنە :964
روونکردنەوەی بڵاوکردەوە
دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: بڕیارەکە هێشتا کۆتایی نییە
ئەحمەد مستەفا
بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی سلێمانی، بۆ هەڵوەشانەوەی “فەرمانی بەناوکردنی شوقە و خانوو بۆ هاوڵاتیانی شارەکانی عێراق و بیانی”، پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، ئەمە قسەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای کارگێڕی سلێمانی فەرمانێکی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدوون-ی هەڵوەشاندەوە، کە رێگەی دەدا دانیشتووی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کەسانی بیانی لە سلێمانی خانوو و شوقە بکرێت بە ناویانەوە.
دواتر، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە دەربارەی ئەو بڕیاری هەڵوەشانەوەی دادگای کارگێڕیی دەریکردووە و دەڵێ، بەپێی روونکردنەوەکە، بڕیارەکە تەنیا هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕی لە رووی تایبەتمەندییەوە لەخۆ دەگرێت و هێشتا پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، بۆیە نابێت وەک بڕیارێکی کۆتایی و گشتی لێی تێبگەین.
سەرۆکایەتیی دادگا لەبارەی خاوەندارێتی خانووبەرە قسەیەکی جیاوازی کردووە و دەڵێ، بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە سلێمانی، وەک شارەکانی تری عێراق، بە دەستوور و یاساکانی پەیوەندیدار رێکخراوە و لە بنەڕەتدا هاوڵاتییانی عێراق لە ماف و ئەرکدا یەکسانن.
داواشی لە رای گشتی و راگەیاندنەکان کردووە لە لێکدانەوە و گشتاندنی بڕیارە دادوەرییەکاندا وریا بن و چاوەڕێی وەرگرتنی پلەی کۆتایی بڕیارەکە بن.
هەریەک لە ئومێد حەمەرەشید، بەناز محەمەد و شوانە عەبدوڵا، سکاڵاکاری سەر فەرمانەکەی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی بوون داوای هەڵوەشانەوەی فەرمانی بەناوکردنەکەیان دەکرد، کە دۆسییەکە بە ژمارە (57/ك/2026) لە دادگا تۆمار کرابوو و دادگاکە ئەمڕۆ بڕیاریدابوو بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکە، کە پارێزگاری پێشووتری سلێمانی، لە رۆژی 6.6.2016 دەرچواندنی بۆ کرد بوو.