"چەند جارێک خەوم پێوە بینیوە"
لەنیا واز لە ئەسپسواری ناهێنێ و ئێستاش بیری ئەسپەکەی دەکات
رێباز یونس – هەولێر
لەنیا فاخیر ئێستاش بیری ئەسپەکەی دەکات و دەڵێت، چەند جارێک خەوی پێوە بینیوە.
لەنیا ئەو کیژۆڵە جوانکیلەیەی کە بۆ زۆربەمان ئاشنایە و سوارچاکێکی چابوک و لێزانە، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی فێستیڤاڵی ئەسپی کوردی چووەتە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “بەینم لەگەڵ ئەسپەکان زۆر باشە و قەت ناتوانم وازیان لێ بهێنم”.
“14 ئەسپم هەیە و هەموویان زۆر تایبەتن، پاش ئەوەی جیسنۆم لێ مرد، ئێستا ئۆسواڵم زۆر خۆش دەوێ”، لەنیا وادەڵێت.
لەنیا ئێستاش بیری جیسنۆ دەکات و دەڵێت، “چەند جارێک خەونم پێوە بینیەوە و هەر 14 ئەسپەکەش ناتوانن شوێنی ئەو پڕ بکەنەوە”.
ئەسپەکەی لەنیا ساڵی 2023 مرداربووەوە و بڵاوبوونەوەی گریانە بەکوڵەکەی لەنیا بۆ ئەسپەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوەتەوە، محەمەد بن راشد حاکمی دوبەی ڤیدیۆکەی بینی و ئەسپێکی بەدیاری بۆ نارد.
دواتر و رۆژی 14.3.2025 لەپڕ ماسولکەکانی قاچی لەنیا پچڕا و نەیدەتوانی رێبکات، ماوەیەک لە کوردستان چارەسەری بۆ کرا، بەڵام بێ ئەنجام بوو، بۆیە لەسەر بانگهێشتی نوسینگەی محەمەد بن راشد حاکمی دوبەی رەوانەی ئیمارات کرا، لەوێ چارەسەری تەواوەتی پزیشکی بۆ کرا و گەڕایەوە کوردستان و مەیدانی ئەسپسواری.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری