سایدی گەڕانەوە دانراوە
کێشە گەورەکەی سێڕییانی سماقوڵی چارەسەرکرا
دەریا محەمەد – راپەڕین
لە سێڕییانی سماقوڵی کێشەیەکی هاتوچۆ هەبوو، بەشێک لەو شۆفێرانەی لە رێگەی سماقوڵییەوە دەگەڕانەوە بەرەو دەڤەری راپەڕین، لەم سێڕییانە چەند سەد مەترێک بە پێچەوانەی شەقام دەڕۆیشتن.
ئەمەش مەترسییەکی زۆری بۆ بۆ هاوڵاتییان و شۆفێران دروست کردبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.10.2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین، هەستا بە جیاکردنەوەی سایدی داخڵبوون و دەرچوونی سێڕیانی سماقوڵی بە دانانی “مخروط” و هێماکانی هاتوچۆ.
عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ی وت، داوا لە شۆفێران دەکەن، لە پێناو سەلامەتی خۆیان و رێککاری رێگوبان پابەندی رێنماییەکان بن کە تازە بۆیان دانراوە.
ئەو وتی، لە ئەمڕۆ بەدواوە، لەلایەن بنکەی هاتوچۆی چوارقوڕنەوە چاودێری سێڕییانەکە دەکرێت و هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات راستەوخۆ پسووڵەی بۆ دەکرێت و بە هیچ شیوەیەک لێخۆشبوون بۆ سەرپێچیکاران نابێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا