حووسییەکان نوسینگەیان هەیە؟

وتەبێژی حکومەت: داخستنی دەروازەی شەیب بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوەیە

ئەحمەد مستەفا

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، داخستنی دەروازەی سنووریی شێب بەهۆی ئامادەنەبوونی تەکنیکی و تەکنەلۆژی و پێویستییەکانی پەرەپێدانی ئەو دەروازەیەوە بووە.

عەبوودی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق وتی، وەستاندنی کار لە دەروازەکە هەنگاوێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی تەکنیکی و لۆجستی، لە کاتێکدا چەند دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەگەڵ ئێراندا بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

سەبارەت بە هەواڵی بوونی نوسینگە بۆ حووسییەکان لە عێراق، وتەبێژی حکومەت ئەم زانیارییانەی رەتکردەوە و وتی هیچ نووسینگەیەکی لەم جۆرە تۆمار نەکراوە و بابەتەکە پێویستی بە بڕیاری حکومەت نییە.

ئەو وتی، عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت و بوونی گروپی چەکداریی وڵاتانی دیکە لە عێراق لەگەڵ بنەما دەستوورییەکان ناگونجێت.