بۆ شەڕی حوسییەکان

تورکیا پلانی هەیە هێز بنێرێتە سعودیە

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەندامێکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، تورکیا بەپێی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ سعودیە و پاکستان (رێککەوتنی مەککە)، پێشنیارێک پێشکەش بە پەرلەمان دەکات کە رێگە بە ناردنی کارمەندانی سەربازی بۆ سعودیە بدات.

ئەو پەرلەمانتارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کە پرۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنەکە پەسەندکرا، پێشنیارەکەش رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.

تورکیا دوێنێ سێشەممە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککەی، کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لەلایەن سێ وڵاتەکەوە واژۆکرابوو، پێشکەشی پەرلەمان کرد بۆ پەسەندکردنی، ئەمەش دووەم گەورەترین سوپای ناتۆی لە پابەندبوونێکی فەرمی بە بەرگری هاوبەش لەگەڵ ریاز لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکان نزیککردەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو هێزانەی تورکیا کە بەپێی رێککەوتنەکە لە وڵاتانی دیکە جێگیرکراون، بەشداری ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان ناکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا تەکنیککار و پسپۆڕان دەنێردرێت بۆ هاوکاریکردنی بەرگری ئاسمانی و تەکنەلۆجیای جەنگی ئەلیکترۆنی و جۆرەکانی تری پشتیوانی بەرگری.

پێشتر دوو بەرپرس بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، پێشبینی دەکەن بەشداریی تورکیا لە کەرەستەی سەربازی و هاوبەشی هەواڵگری و سیستەمی چەکدا سنووردار بێت و ئاماژەیان بەوەش کردبوو، تا ئێستا هیچ شێوەیەکی دیکەی جێگیرکردنیان لەژێر هاوپەیمانییەکەدا ڕووی نەداوە.

تورکیا کە هێرشەکانی حوسییەکانی شەرمەزار کرد، رەزامەندی دەربڕی کە پەیوەندی بە هاوپەیمانییەکەوە بکات بە سەرۆکایەتی سعودیە بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی کەشتیوانی لە دەریای سووردا.