پەردە لەسەر وێنەکانیان لادرا
ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی دوو مێردمنداڵەکەی پردێ گەیشتە کوێ؟
کاروان ساڵحی – پردێ
لە پردێ پەردە لەسەر وێنەی هەردوو شەهید محەمەد هێمن و موراد زانا لادرا و کەسوکارەکەی دەڵێن، لیژنەی لێکۆڵینەوەکان کارەکانیان دیار نییە و هیچ شتێک نەکراوە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەنجام.
ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی مەراسیمی پەردەلادان لەسەر وێنەی هەردوو شەهیدەکەی پردێ، دایکی موراد زانا قسەی بۆ 964 کرد و وتی: نامەوێت حەقی کوڕە تاقانەکەم بەفیڕۆ بچێت و هێشتا هیچ نەکراوە.
هاوکات باوکی محەمەد هێمن بە 964ـی وت، “نازانین لێکۆڵینەوەکان گەشتووە بە کوێ و خوای گەورە حەقمان دەستێنێ، کەسیش نەهاتووە بۆ لامان.”
مامی محەمەد هێمن باسی لەوە کرد: لایەنی بەرامبەر داوای سوڵحی عەشایەرییان کردووە، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک رازی نین و دەمانەوێت تۆمەتبارەکان لەسێدارەبدرێن.
لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، “لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام تەنیا ئەوە ماوە بە نوسراوی فەرمی پەرلەمان ئاگادار بکرێتەوە، ئەنجامەکانیش ئەوەیە کە ئەو دوو مێردمندالە بە شەهید هەژمار کراون و ئیمتیازاتی شەهیدانەیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی لە ئەرکەکەدا کەمتەرخەم بوون بە سزای خۆیان دەگەن”
مازن غەریب وتیشی، بەرپرسی ئەو فەوجەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە دوورخراوەتەوە و سزاش دەدەرێت.
محەمەد هێمن و موراد زانا ئەو دوو مێردمنداڵە بوون کە لە رووداوێکی تەقەکردندا لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق و چەند چەکدارێکی داعش لە شەوی 27ـی ئەیلولی 2026 لە پردێ کوژران.
دوای لێکۆلێنەوە دەرکەوت کە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژران و ئەمەش بووە هۆی نارەزایەتی و تووڕەیی کەسوکارەکانیان و خەڵک، دواتر دژەتیرۆری عێراق لە راگەیاندراوێکدا دانی بەوەدا نا کە هێزەکانیان کەمتەرخەم بووە و بەهۆی تەقەی ئەوانەوە ئەو دوو مێردمنداڵە کوژراون.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا