تا دووشەممە دەرفەتە

زانکۆلاین بۆ دەرچوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکرێتەوە

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەتوانن لە رێگەی سیستەمی زانکۆلاینەوە داواکاری وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم پێشکەش بکەن.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەت، ئەم پرۆسەیە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 15.10.2026، دەست پێدەکات و تا کاتژمێر 12:00ی شەوی رۆژی دووشەممە 19.10.2026، بەردەوام دەبێت.

دەرچووان پێویستە لە ماوەی دیاریکراودا لە ماڵپەڕی regayzanko.com داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، دەرچوانی ئەم ناوچانە بە هەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێم وەردەگیرێن.

ئەم دەرفەتە بۆ دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچەکانی کەرکوک، شەنگال و خانەقینە کە ناویان لە نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتی خوێندنی باڵا تۆمار کراوە.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاندووە، دەرچووانی ئەم ناوچانە دەتوانن وەک دەرچوانی هەرێمی کوردستان، بە کۆدی تایبەتی خۆیان بچنە ناو سیستەم و داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

بەپێی راگەیاندنەکە، ئەمساڵ نزیکەی 2700 دەرچوو لەم ناوچانە دەرفەتی بەشداری لەم پرۆسەیەیان هەیە، هەروەها، ئەو دەرچووانەی لە کاتی پڕکردنەوەی داواکارییەکاندا تووشی کێشە دەبن، دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەت بکەن و رێنمایی و یارمەتی وەربگرن.