ئەکسیۆس:

ترەمپ لەبارەی ئەو ئاگربەستەی رایگەیاندووە لە زیلێنسکی تووڕەیە

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاند، ترەمپ زۆر لە ڤۆلۆدمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا تووڕەیە لەبارەی رێککنەکەوتنی لەگەڵ رووسیا.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە ماڵپەرەکەی وتووە: ترەمپ هەست دەکات زیلێنسکی وا مامەڵە دەکات کە یارمەتی ئەمریکا هەمیشەییە بۆی و ئاگربەستەکەی سەرۆکی ئەمریکای بەلاوە گرنگ نییە.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، ئاگربەستی وزەی لەنێوان ئۆکرانیا و رووسیا راگەیاند و وتی: دەبێت هەردوولا پێوەی پابەند بن.

ئاگربەستەکە سەرەتا تەنیا هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکان دەوەستێنێت و ناوی لێنراوە “پاڵاوگە بەرامبەر پاڵاوگە”، بەڵام بەرپرسانی ئۆکرانیا بەدڵیان نییە و دەڵێن، “ئێمە تەنها یەک پاڵاوگەمان هەیە  کە لە کار کەوتووە، لەکاتێکدا رووسیا چەندین پاڵاوگەی هەیە و دەبێت رێککەوتنەکە وێستگەکانی کارەباش لەخۆبگرێت.

تائێستا رووسیا راینەگەیاندووە کە پابەندی رێککەوتنەکە دەبێت یان نا، بەڵام هەر دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، رووسیا هێرشی کردە سەر چەند وێستگەیەکی کارەبا لە ئۆکرانیا.

بەپێی وتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، ئەگەر هەردوولا پابەندی ئاگربەستەکە ببن ئەوا رەنگە رێککەوتنی داهاتوو بۆ وەستاندنی هێرش بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و کەرتی وزە بێت.