تیمەکان سەرقاڵن
تا ئێوارە دووکەڵەکەى سلێمانى کۆتایى دێت
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانى
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە زبڵخانەی تانجەڕۆ، ئاسمانی شاری سلێمانی بەتەواوی بە دووکەڵ داپۆشراوە و بووەتە یەک پارچە تەم. تیمەکانی شارەوانی لەوێن و دەڵێن: تا ئێوارە کۆتایى دێت.
ئاگرەکەی ناوچەی تانجەڕۆ لە بەیانی دوێنێوە سەریهەڵداوە. شارەوانی سلێمانی هۆکاری ئاگرەکەی بۆ هەورەبروسکە گەڕاندەوە، هەرچەندە دوێنێ ئاگرەکە کوژێندرابووەوە، بەڵام بەهۆی سروشتی زبڵخانەکەوە دووبارە سەریهەڵداوەتەوە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دووکەڵێکی چڕ.
دیلان محەمەد، پەیامنێری 964 رایگەیاندـ دووکەڵەکە هێندە چڕە ئاسمانی سلێمانی کردووە بە یەک پارچە تەم و لە ناوچەی تانجەڕۆوە بە هیچ جۆرێک شاری سلێمانی نابینرێت.
لە ئێستادا تیمەکانی شارەوانی سلێمانی و کۆمپانیای خالید شینکی لە شوێنەکەن و بە داپۆشین و رشتنی خۆڵ بەسەر زبڵەکەدا، هەوڵی نەهێشتنی دووکەڵەکە دەدەن.
کارزان تالب، سەرۆکی بۆردی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی 964ـى وت “تیمەکانمان بەردەوامن لە کارکردن و هەوڵ دەدەین تا ئێوارەی ئەمڕۆ سەرجەم دووکەڵەکە دابپۆشین و کۆتایی پێبهێنین.”
روونیشى کردەوە، ئەو شوێنەی ئێستای تانجەڕۆ تەنیا بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە توانای وەرگرتنی خۆڵ و خاشاکی ماوە، بۆیە زۆر پێویستە بەپەلە شوێنێکی دیکە دیاری بکرێت، چونکە ئێستا قەبارەی پاشماوەکان زۆرە ورڕۆژانە لە شاری سلێمانی 1100 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دەبرێتە ئەو ناوچەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح