"ئەمە هەنگاوی یەکەمە"
پارێزگاری کەرکوک زیاتر لە 400 موختاری لە ئەرکەکانیان دوورخستەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکوک، واژۆی لەسەر دووخستنەوەی 415 موختاری قەزا، ناحیە و گوندەکانی سنووری کەرکوک کرد.
ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی کەرکوک، لەبارەی بڕیارەکەوە بە 964ـی وت، “بەپێی ماددەی حەوتی ژمارەی 13ـی ساڵی 2011 هەر موختارێک تەمەنی 65 ساڵ بێت و چوار ساڵ پۆستەکەی وەرگرتبێت، دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە.”
“موختارەکان مووچەی تایبەت بەخۆیان بۆ دابینکراوە، بەڵام پێنج مانگە وەریاننەگرتووە،” قامیقامی کەرکوک ئەمەی وت.
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەی موختارەکان بە 964ـی وت، “بەپێی یاسایەکە دەبێت موختارەکان دوای چوار ساڵ دەستلەکاربکێشنەوە، بەڵام لە بڕگەیەکی دیکەی یاساکەدا هاتووە، ئەگەر موختارەکە تەمەنی 65 ساڵی تێنەپەڕاندبێت، ئەوا دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ ئەرکەکەی، لەکاتی خۆپاڵاوتنەوە بۆ موختاری، داواکەی لە ئەنجومەنی بارێزگای کەرکوک دەنگی لەسەر دەدرێت.”
نووسینگەکە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری دوورخستنەوەی موختارەکان هەنگاوی یەکەمە کە تەنیا قەزا، ناحیە و گوندەکانی گرتووەتەوە و هەنگاوی دووەم دوورخستنەوەی موختارەکانی ناو شار دەستپێدەکات.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا