نرخی دۆلار قەرەباڵغی لە بازاڕ دروست دەکات
فرۆشیارێک: ئەو کەلوپەلەی بە دینار دەیکڕین هیچ گران نەبووە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هەڵکشانی نرخی دۆلار جموجۆڵ و قەرەباڵغی لە بازاڕەکان دروست کردووە، لە کاتێکدا بەشێک لە هاوڵاتییان بە مەبەستی پێشگیری لە گرانبوونی شتوومەکەکان، خێرا چوونە بازاڕ و پێداویستییەکانی خۆیان کڕیوە.
هەندێک لە خاوەن مارکێتەکان دەڵێن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیاکان نرخی شتوومەکەکان بەرز نەکەنەوە، ئەوانیش بە هەمان نرخی پێشوو دەیفرۆشن.
هۆگر خالید، فرۆشیارە و مارکێتی هەیە ئەو بە 964ی وت، ئەمڕۆ بەیانی جموجۆڵ و قەرەباڵغی هەبوو، بەڵام هەموو ئەو بابەتانەی بە دینار دەکڕدرێن، هەر بە هەمان نرخن، بەڵام هەندێک بەرهەم هەیە کە بە دۆلار پەیوەندییان هەیە.
ئەو نموونەی بە برنجی مەحمود هێناوە و وتوویەتی، نرخی کیسەیەکی 25 کیلۆیی برنجی ئەم جۆرە، لە 57 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 60 هەزار دینار، واتە 3 هەزار دینار گران بووە.
هۆگر خالید هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانی نرخی دۆلار لەلایەن کۆمپانیاکانەوە کردووە و وتوویەتی، هەفتەیەک پێش ئێستا کۆمپانیاکان نرخی هەر دۆلارێکیان بە 137 هەزار دینار لەسەر حیساب دەکردین، بەڵام ئەمڕۆ ئەو نرخەیان کردووەتە 155 هەزار دینار.
بەپێی ئەم قسەیە، گۆڕانی نرخی دۆلار بە تایبەتی کاریگەری لەسەر ئەو بەرهەمانە هەیە کە بە دۆلار هاوردە دەکرێن، لە کاتێکدا خاوەن مارکێتەکان دەڵێن هەر کاتێک کۆمپانیاکان نرخەکانیان زیاد بکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا