نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی - وێنە: 964
روونکردنەوە لەسەر ڤیدیۆیەک دەدەن
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: پزیشکی فریاکەوتن 24 کاتژمێر لێرەیە
ئەحمەد مستەفا
نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، لە وەڵامی ڤیدیۆیەک کە هاوڵاتییەک بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە بەیانییەک پزیشک بۆ بینینی منداڵانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکە نەبووە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
964 بۆ ساغکردنەوەی ڤیدیۆکە و وەڵامی نەخۆشخانەکە پەیوەندی بە بەرپرسانیانەوە کرد، ئەوان وەڵام و روونکردنەوەیەکی تەندروستی سلێمانیان نارد.
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، لەوکاتەی هاوڵاتییەکە چووە بۆ نەخۆشخانەکە، پەیوەندی بە نەبوونی پزیشک نەبووە، بەڵکو پزیشکانی بەشی راوێژکاری بەیانیان کۆبوونەوەی زانستییان هەبووە و دوای ئەوە دەوامی بینینی نەخۆشەکان دەست پێدەکەن.
لە وەڵای روونکردنەوەکەدا کە تەندروستی سلێمانی لە زاری نەخۆشخانەکە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، پزیشکی فریاکەوتن 24 کاتژمێر لە بەردەستدایە و لە حاڵەتە پێویستەکاندا منداڵە نەخۆشەکان دەبینێت.
تەنیا لە بەشی راوێژکاری ئەمڕۆ 8 پزیشکی پسپۆڕ دەوامیان کردووە و 293 منداڵیان بینیوە، ئەوە داتای نەخۆشخانەکەیە و لەبارەی دەوامیان ئەوەی ئاشکراکردووە، پزیشکەکان لە کاتژمێر 9:00 تا 9:15 کۆبوونەوەی زانستییان هەیە و لە 9:15 تا 12:30 نەخۆشەکان دەبینن.
بەپێی ئامارێک، لە مانگی ئەیلولی 2026، چواردە هەزار و 477 منداڵ لە دەوامی بەیانی و بەشی راوێژکاری بینراون و دوو هەزار و 22 منداڵیش داخڵی نەخۆشخانە کراون، لە هەمان ماوەدا، دوازدە هەزار و 101 پشکنینی تاقیگەیی، 188 ئیکۆ، 455 سۆنەر و هەزار و 146 تیشک ئەنجام دراوە.