دراوی 100 دۆلاری ئەمریکی - وێنە: 964
ژووری بازرگانی و پیشهسازیی ههولێر:
“داوا دهكهین حكومهتی فیدراڵ بهپهله پێداچوونهوه به بڕیارهكهی بكات”
ئهرسهلان عهبدوڵا
بەیاننامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە بارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەسەر بازاڕ و بازرگانان، راگهیاندراوێكی بڵاوكردهوه و داوا دهكات حكومهتی عێراق بهپهله پێداچوونهوه به بڕیاری بهرزكردنهوهی نرخی دۆلار بكات.
“ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، وەك داکۆکیکار لە ماف و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی توێژی بازرگانان، خاوەنکاران و کەرتی تایبەت، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بەو بڕیارانەی حکومەتی عێراق دەربڕێت کە پەیوەندیدارن بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دروستبوونی ناگیرساندنەوە و فشار لەسەر بەهای دراو و بژێویی هاوڵاتیان.
ئەم جۆرە بڕیارە ئابوورییە ناهاوسەنگانە، راستەوخۆ دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ، پەکخستنی جووڵەی بازرگانی، هەڵکشانی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان، قورسکردنی باری گوزەرانی هاوڵاتیان بە گشتی و چینی کەمدرامەت بە تایبەتی. هاوکات، ئاستەنگی گەورە لە بەردەم وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان دروست دەکات لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکان و پلانی ستراتیژیی کارکردنیان.
ژووری بازرگانیی هەولێر، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان بە سەپاندنی بڕیاری نەرێنی لەسەر شانی کەرتی تایبەت و بازرگانان و هاوڵاتیان نایەتە ئاراوە، بەڵکو پێویستە حکومەتی فیدراڵ سیاسەتێکی نەرمتر و زانستیتر پەیڕەو بکات کە پارێزگاری لە بەهای دراو و سەقامگیریی بازاڕ بکات.
لێرەوە، داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکەن و بارگرانی لەسەر بازاڕ و هاوڵاتییان کەم بکەنەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە ژووری بازرگانی بە هەموو توانایەکیەوە لە هەوڵدا دەبێت بۆ داكۆکیکردن لە مافی بازرگانان و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان”.