رێککەوتنیش کرا

كار گرووپ لە موسڵ دەست بە کار دەبێت


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

کۆمپانیای کار رێککەوتنێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆ کرد و بە هۆیەوە ڕووپێوی بومەلەرزەزانی دوو ڕەهەندی و سێ ڕەهەندی لە کێڵگە نەوتییەکانی ساسان و ئالان لە پارێزگای نەینەوا دەستپێدەکات، بە ئامانجی زیادکردنی یەدەگی نوێ و دەستەبەرکردنی دابینکردنی نەوت و گاز.

رێکەوتنەکە ئەمڕۆ سێشەممە 6.19.2026 لە نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای کار واژۆ کرا و وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێکدا هەواڵەکەی راگەیاند.

باسم محه‌مه‌د خزه‌ییه‌ر، وەزیری نەوتی عێراق، لە راگه‌یاندراوه‌كه‌دا کە بە تۆڕی 964 گەیشتووە، پابەندبوونی وەزارەتەکەی بە جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی لە چوارچێوەی دیدگای حکومەت بۆ کاراکردنی چالاکییەکانی گەڕان بۆ زیادکردنی یەدەگی نوێی نەوت و گاز و پڕکردنەوەی یەدەگی کەمبووی دووپاتکردەوە، ئەمەش لەکاتی سپۆنسەری و ئامادەبوونی لە رێوره‌سمی واژۆکردنی گرێبەسته‌كه‌.

كار گرووپ کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستانە و لە بوارەکانی نەوت و گاز و ژێرخان کاردەکات.