چیرۆکی کاسبکارێکی دەربەندیخان
بە دەنگە خۆشەکەی ماندوویەتی رێگاکان کورت دەکاتەوە
964+
میلاد جەلال- کەلار
لە ناو کۆڵانەکانی قەزای دەربەندیخاندا، دەنگێکی خۆش و تایبەت رۆژانە تێکەڵی ژیانی هاوڵاتییان دەبێت، ئەوە دەنگی سەڵاح مەحمودە؛ کاسبکارێک کە ماوەی سێ ساڵە بە ماتۆڕسکیلەکەیەوە، بەرھەمی وشکە و کوردەواری بە ماڵان دەفرۆشێت، بەڵام شێوازی کارکردنی بە تەواوی لە کاسبکارانی دیکە جیاوازە.
سەڵاح مەحمود بۆ 964 دەڵێت؛ خەڵکی باوەنوورم و لێرە نیشتەجێبووم ماوەی 16 ساڵە، ئیشم زۆرکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسێکی نەوسنم ئەم کارەم هەڵبژاردووە، ئەم ئیشانە کەم کەس خووی پێدەدات و لێی رازیم و مشتەری تایبەتی خۆم هەیە و تا بێت زیاتر دەبێت، چونکە بە گوێرەی داوای ئەوان شت دەهێنم و ئەوەی بۆ ماڵی خۆم بەکارینەهێنم نایدەمە کەس، گرنگ ئەوەیە لەگەڵ خەڵک راستگۆ بیت.
ئەم کاسبکارە دەنگخۆشە تەنیا بەرهەمەکان ناپێچێتەوە و نایانفرۆشێت، بەڵکو بە دەنگە خۆشەکەی و بە شێوازێکی جیاواز هاوار بۆ کاڵاکانی دەکات و موشتەرییەکانی بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
لە کاتی کارکردن و رێکخستنی بەرهەمەکانیدا، بە چڕینی گۆرانی لە پێش خۆیەوە، هەم ماندوویەتیی رۆژانەی کارکردنی دەڕەوێنێتەوە، هەم رەنگ و نەوایەکی تایبەتی داوەتە کۆڵانەکانی شارەکەی.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح