کرێکارێک لە سلێمانی لەکاتی کارکردن گیانی لەدەستدا
دیلان محەمەد -سلێمانی
کرێکاری تەمەن 42 ساڵ لە تانجەرۆ لەکاتی کارکردندا لەسەر ئەسکەلە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
کرێکارەکە ناوی عەبدولرەحمانە و هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانییە، لە کارگەیەکی قیر لە تانجەرۆ کاری لەحیمی کردووە.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەیندیکای کرێکارانی بیناسازی بە 964ـی راگەیاند، “هێشتا دڵنیانین کرێکارەکە فارسە یان کوردە و لە پاسپۆرتەکەی جافستان نوسراوە و روون نییە بۆ ئێمە، ئەو کرێکارە لەسەر ئەسکەلە لە نهۆمی دووەم یا سێیەم بووە و کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.”
لەبارەی کەسوکاریی کرێکارەکەوە عوسمان زیندانی وتی: هەوڵماندا پەیوەندی بە کەسوکارییەوە بکەین، بەڵام بۆمان بەردەست نەبوون چونکە لێرە نین.
تەرمی کرێکارەکە ئێستا لە پزیشکی دادە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، چەند کەسێکیش لە کارگەکە بۆ ئەو مەبەستە لە بنکەی پۆلیسی عەربەت لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.
تاوەکو ئێستا لە ساڵی 2026 ئەمە 25ـەمین کرێکارە لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان گیان لەدەستدەدات.
پێداچوونەوە:کاکەلاو عەبدوڵا