دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران
پزیشکیان: ملکەچ نابین
ترەمپ: رەنگە دوای هەڵبژاردن هێرش بکەینەوە سەر ئێران
شۆڕش قادری
ترەمپ دەڵێت، ئەگەر هەیە دوای هەڵبژاردن هێرش بکەنەوە سەر ئێران و پزیشکیانیش دەڵێت، ملکەچ نابین.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تازەترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی تایم رایگەیاند، “گەرووی هورمزمان بەڕووی ئێراندا داخست و کۆنتڕۆڵی دەکەین، شەوی رابردوو لە هەموو کات زیاتر نەوتمان لەڕێی گەرووەکەوە گواستەوە”.
ترەمپ ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی بەدرۆخستەوە کە باس لە کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی ئەمریکا دەکەن و دەڵێت، “زیاتر هەواڵی ساختە بوون و ئێمە چەکێکی زۆرمان هەیە، دۆخمان زۆر باشە، ئێستا خەریکی کۆکردنەوە و عەمبارکردنی چەکەکانین و بڕێکیشی بەسەر هاوپەیمانەکانماندا دابەش دەکەین”.
ترەمپ دووپاتیشیکردەوە کە ئەگەری زۆرە دوای هەڵبژاردنی نیوە خولی ئەمریکا کە مانگی 11 دەکرێت، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە.
دوای قسەکانی ترەمپ، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکار و پڕۆژەی ئابووری وڵاتەکەی رایگەیاند، “ئەمریکا دەیەوێت لەڕێی سنووردارکردن و سزاکانەوە قەیران لە وڵاتەکەماندا دروست بکات، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بین، ناتوانێت ئەو کارە بکات”.
وتیشی، ئەمریکا دەبێت واز لەو وەهم و خەیاڵە بهێنێت کە دەتوانێت لەڕێی تیرۆرەوە ناچارمان بکات ملکەچ بین.