"هەڵهاتنە لە ژیانی ئێستا"

“رەش و سپی” گۆرانییە تازەکەی ماهیر ئەمین

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

“كەرێك و سەگێك و بەرخێك و مریشكیك و تورەگەیەك گوێز بكڕین”، ئەمە گۆرانییەکی تازەی هونەرمەندی دیاری کوردستان ماهیر ئەمینـە کە دەقەکەی هی شاعیر و نووسەری کورد قوبادی جەلیزادەیە.

بەرهەمەکە ناوی “رەش و سپی”ـیە و ئەمڕۆ چوارشەممە 30.9.2026 لە ناوەندی گەنجانی هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و عاشقانی دەنگی ماهیر ئەمین بڵاوکرایەوە.

شاعیر قوبادی جەلیزادە بە 964ـی وت،  “ئاگاداری ئەوە نەبووم کە ئەم بەرهەمە کراوە بە گۆرانی، کە هاتم و بینیم ئەوەندە بە جوانی کارەکەی بۆ کراوە سەرسام بووم”.

ئەو شاعیرە دڵناسکە نەیشاردەوە کە بڕیارەکانی کۆمەڵگا بە هەڵە دەزانێ و شێعر و دەقەکانیشی بۆ کۆمەڵگا نانووسێ، بەڵکو راستگۆیانە و بوێرانە دەنووسێ و هەر دەقێکیشی پەیامێکی لە پشتە.

“دەمێکەیە خۆم لە مێگەل و پۆل دزیوەتەوە و ئازادانە دەنووسم”، قوبادی جەلیزادە وادەڵێت.

دەربارەی بەرهەمە تازەکەی، ماهیر ئەمین وتی، “رەش و سپی هەڵهاتنە لە ژیانی ئێستا و دەقێکی جوان و جوڵاوی هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر دەقێکی جوان بکەوێتە بەردەستی ناپرسێ هی کێیە و هەوڵ دەدات بیکات بە گۆرانی.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری