بە ئامار

ئەرکی هاوپەیمانان لە ماوەی 12 ساڵدا

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

لە ساڵی 2014 هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتنە عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەرکەکانیان تەواو بوو، لێرەوە بە ئامار بزانە ئەرکییان چی بووە، خەرجییان چەند بووە، هەروەها راهێنانیان بە چەند پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کردووە.

هێزەکانی هاوپەیمانان لە زیاتر لە 80 وڵات و رێکخراو پێکدێن و لە هاوینی ساڵی 2014 حکومەتی عێراق بە فەرمی داوایکرد بە هانایانەوە بچن بۆ تێکشکاندنی داعش.

بەپێی ئاماری فەرمی وێبسایتی ئۆپەراسیۆنی تێکشکانی داعش، لەماوەی 12 ساڵدا راهێنانیان بە زیاتر لە 240،000 هەزار پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دژەتیرۆر و سوپای عێراق کراوە.

لە ساڵی 2017 ئەرکەی هاوپەیمانان لە شەڕکەرەوە گۆڕا بۆ راوێژکاری دوای ئەوەی عێراق بە فەرمی تێکشکانی داعشی راگەیاند. لەمیانی ئۆپەراسیۆنی تێکشکانی داعش لە عێراق و سوریا زیاتر لە 80 هەزار داعش کوژران.

بەپێی ئامارێکی پێگەی وار کۆستس، کە لێکۆڵینەوە و وردبینی بۆ خەرجی جەنگەکان دەکات، لەماوەی 12 ساڵدا هاوپەیمانان 115 ملیار دۆلاریان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە خەرج کردووە. لە نوێترین راپۆرتی کۆنگرێسدا هاتووە کە لەکۆی 15 ملیار دۆلاری تەرخانکراو بۆ ئۆپەراسیۆنی تێکشکانی داعش لە بودجەی ساڵانی 2024, 2025, 2026, زیاتر لە 11 ملیار دۆلار خەرج کراوە.

ژمارەی قوربانییەکان بەدروستی دیار نییە، بەڵام سوپای ئەمریکا دەڵێت، لە ماوەی 12 ساڵدا 71 ئەندامی سوپای وڵاتەکەی لە سەرباز و کارمەندی مەدەنی کوژراون

لە ساڵی 2024 کە ئەوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بوو، واشنتن و بەغداد رێککەوتن لەسەر ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان قۆناغ بە قۆناغ لە عێراق بکشێنەوە و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەرکییان تەواو بوو.