120 کۆمپانیا لەوێن
پارکی شانەدەر جمەی دێ و کۆمپانیاکانیش دیاری دەدن
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
فێستیڤاڵی بەرهەم و بازاڕی ناوخۆیی لە بەردەم پارکی شانەدەر جمەی دێ، 120 کۆمپانیا و کارگەی ناوخۆیی بەشدارن و بەپێی قسەی رێکخەرانی، بەشداری و سەردانی هاوڵاتییان لەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە.
ئەکرەم حەمەساڵح، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە 964ی وت، قەرەباڵغی لە شوێنی پێشانگاکە زۆرە و هاوڵاتیان دەتوانن بە نرخێکی گونجاو کۆمەڵێک بەرهەمی ناوخۆیی بکڕن.
بەوتەی ئەو، زیاتر لە 65%ی بەشداربووان کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی کوردستانن، کە بە بۆچوونی رێکخەران نیشانەی زیادبوونی متمانەی خەڵک بە بەرهەمی ناوخۆ و زۆری ژمارەی سەردانیکارانیش وای کردووە، کۆمپانیاکان دیاری پێشکەشی کڕیارانیان بکەن.
ساڵی رابردوو، فێستیڤاڵەکە نزیکەی 82 هەزار سەردانیکاری هەبووە، بەڵام ئەمساڵ لە رۆژەکانی سەرەتا ئەو ژمارەی تێپەڕاندووە و رێکخەرەکان وەک باسی دەکان لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەیان ئاشکرای دەکەن.
پێشانگاکە لە شوێنێکی کراوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام رێکخەرانی دەڵێن، هەموو رێوشوێنەکانی سەلامەتی رەچاو کراون و تیمەکانی بەرگری شارستانی، ئەمبوڵانس لە شوێنی فێستیڤاڵەکە ئامادەن.
فێستیڤاڵی بازاڕ و بەرهەمە ناوخۆییەکان هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 06:00ی ئێوارەوە تا 12:00ی شەو بەردەوام دەبێت و بۆ ماوەی شەش رۆژ درێژەی دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا