وەزیری دەرەوەی ئێران:

“دەستبەرداری مەرجەکانمان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نابین”

شۆڕش قادری

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەستبەرداری مەرجەکانیان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نابن.

میدیای ئێران لەزاری عەباس عێراقچی بڵاویکردووەتەوە، “مەرجەکانی ئێمە روون و ئاشکران، هەرجۆرە هەوڵێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەندە بەو مەرجانەوە، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچکات دەرچەی دیپلۆماسی و دانوستانیان دانەخستووە، بەڵام پاشەکشێ لە مافەکانی خۆیشیان ناکەن.

چەند رۆژ پێش ئێستا و لە پەراوێزی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیف ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر یەک مێز دانیشتن و چاویان بەیەک کەوت، عێراقچی حەوت مەرجی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دایە نوێنەری واشنتن، دواتر میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، مەرجەکان قبوڵ نەکراون و لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپییەوە رەتکراونەتەوە.