عەلی زەیدی کۆتایی بە گەشتەکەی لە نیویۆرک هێنا و گەڕایەوە بەغدا – وێنە؛ پەڕەی فەرمی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئەم بەیانییە لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزی
عەلی زەیدی کۆتایی بە گەشتەکەی لە نیویۆرک هێنا
شۆڕش قادری
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی بە گەشتەکەی لە ئەمریکا هێنا و ئەم بەیانییە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دابەزی.
عەلی زەیدی بۆ بەشداریکردن لە گەڕی 81ـەمینی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چووبووە نیویۆرک، لەوێ وتاری پێشکەش کرد و چەند دیدارێکیشی لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوردن، تورکیا، ئێران، بەریتانیا، میسر، سوریا، فینلەندا، کینیا، لوبنان، کوێت، ئیرلەندا و رواندا ئەنجامدا.
جگە لەوەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) و کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە.
زەیدی چەند دیدارێکیشی لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکا، بانگەشەکەرانی کەرتی بانکی، و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا جیهانییە گەورەکانی بواری پێترۆڵ، کۆمپانیاکانی وزە، گواستنەوە و تەکنەلۆژیا (لەوانەش کۆمپانیای ExxonMobil و HKN) ئەنجامدا.