جوتیاران داوادەكەن بنكەی وەرگرتنی گەنم لە كۆیە بكرێتەوە
+964
شلێر سەعید – كۆیە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک لە جووتیارانی دەشتی کۆیە لە بەردەم بنکەی وەرگرتنی دانەوێڵە لە کۆیە گردبوونەوە، داوادەکەن بۆ ئەمساڵ بنكەی وەرگرتنی گەنم بەڕووی جووتیاران لە کۆیە بکرێتەوە، كە پێنج ساڵە داخراوە.
بە قسەی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كۆیە، داخستنی بنكەی گەنم لەو شارەدا بە فەرمانی وەزارەتی بازرگانی عێراق بووە.
مام فەقێ فەتاح نوێنەری ئەنجومەنی جووتیاران لە سنووری کۆیە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەوە پێنج ساڵە بنکەی وەرگرتنی گەنم داخراوە، “بۆیە داوادەكەین لە قایمقامی كۆیە و وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی بازرگانی عیراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەو بنكەیە بكەنەوە چونكە ئەمساڵ چاوەڕێدەكرێت بەروبوومی گەنم باش بێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، بنكەی وەرگرتنی گەنم لە كۆیە “زۆر گرنگە” بۆ ناوچەكە بەهۆی ئەوەی كۆیە پێنج ناحیە و 180 گوندی بەسەرەوەیە و ئەو بنكەیە ئاسانكاری زۆرمان بۆ دەكات لە كاتی رادەستكردنی گەنم بەهۆی نزیكی لە ناوچەكەدا.
مام فەقێ روونیدەکاتەوە، ئەگەر بنكەکە نەكرێتەوە، ئەوا ئاستەنگی زۆریان بۆ دروست دەبێت و جوتیاران زیانیان بەردەكەویت لە رووی خەرجی و بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل و پاشان لە هەولێر چەند رۆژێک لە چاوەڕوانی دەمێننەوە، تا گەنمەكانیان لێ وەربگیرێت.
یوسف سەلیم بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كۆیە، بە 964ی راگەیاند، هەر بنكەی كۆیە نییە، بەڵکو چەند بنكەیەكی دیكەی گەنم داخراون لە شار و شارۆچكەكان بە فەرمانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتیی فیدراڵ، “ئێمە زۆر داوامان كردووە ئەو بنكانە بكرێنەوە، چونكە زۆر پێویستن بۆ ناوچەكە بە تایبەت ئەمساڵ بەروبوومی گەنم زۆرترە”.
بنكەی وەرگرتنی گەنمی كۆیە لە ساڵی 2013 كرایەوە، جێگەی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، جوتیاران تەنیا سێ ساڵ گەنمیان لەو بنكەیە رادەستكرد، پاشان بە بیانووی وشكەساڵی و کەمیی بەروبووم، لە ساڵی 2017وە داخراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا